Megamenu with HTML5 y CSS3

درێژه‌ى هه‌واڵ :

وه‌زیری شاره‌وانی: تاپۆكردن مه‌زره‌عه‌كان ناگرێته‌وه‌ 

به‌روار: 2014-09-04 10:37:16


هەموو کات بەڕووی هاووڵاتیاندا مۆبایلەکەم کراوەیە
نابێ نووسراوی هاووڵاتیان لە هیچ بەڕێوەبەرایەتییەک هەفتەیەک بێ وەڵام بێت
تاپۆکردن بۆ نیشتەجێبوونە و مەزرەعە ناگرێتەوە
(باس) هێمن ساڵح-

نەورۆز مەولود ئەو خاتوونە وەزیرە تاقانەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە دەستەی وەبەرهێنان بووە و ئێستاش وەزیری شارەوانییە، لە یەکەم دیمانەی رۆژنامەوانیدا دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە لەگەڵ هەفتەنامەی (باس)، دەڵێت “لەسەر چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی بەردەوام دەبین”.

(باس)- لەو ماوەیەی دەستبەکار بوون، هیچ بڕیارێکی گرنگتان داوە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیانی خەڵکەوە هەبووبێت؟
نەورۆز مەولود: لەگەڵ دەستبەکاربوونمان حکوومەتی هەرێم دووچاری زۆر گرفتی دارایی بووەتەوە، ئەمەش وای کردووە رێنمایی دەربکات و ئەنجامدانی هەموو گرێبەستێک رابگیرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند بڕیارێکمان دەرکرد بۆ خێرا راییکردنی کاروباری هاووڵاتیان وەکو: کردنەوەی کۆڵ سەنتەرێکی 24 سەعاتەی پێوەندییەکان کە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان وەڵامی هاووڵاتیان دەداتەوە، هەروەها فەرمانێکمان دەرکرد کە هەموو فەرمانگەکانی شارەوانی لە ماوەی هەفتەیکدا وەڵامی نووسراوەکانی هاووڵاتیان بدەنەوە و دواتر ئەم ماوەیە کەمتریش دەکەینەوە.
هەروەها هەڵمەتێکی فراوانیشمان دەست پێ کردووە لەسەر کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی پرۆژە و هەبووەکان و پێداویستییەکانی شارەوانی، تا پلانێکی 4 ساڵە بۆ پرۆژەکانی وەزارەت دابنێین.

(باس)- ئەی سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی؟
نەورۆز مەولود: پێشتر بە بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، دابەشکردنی زەوی بەسەر چین و توێژەکاندا راگیراوە و تەنیا بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان نەبێت کە ئەویش دواتر بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێ وەستێنرا، هۆی ئەمە ئەوە بوو دابەشکردنی زەوی بە شێوەی ئاسۆیی و نەبوونی توانای دارایی لەلایەن هاووڵاتیانەوە بۆ دروستکردنی خانوو بۆ خۆیان، هەروەها بەشنەکردنی ئەو پارەیەی وەکو پێشینەی خانووبەرە بە هاووڵایان دەدرێت بۆ تەواوکردنی خانووەکانیان و نەبوونی توانای حکوومەت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بەو هەموو گەڕەکە نوێیانە، وای کرد حکوومەتی هەرێم بیر لە ئەلتەرناتیڤی دیکە بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی نیشتەجێی هاووڵاتیان، پێشتر لە دەستەی وەبەرهێنان سندووقی نیشتەجێمان داهێنا کە بەشدارییەکی باشی لە چارەسەرکردنی ئەو گرفتە کرد بەڵام بنبڕی نەکرد، ئێستا حکوومەت خەریکە یاسایەکی سەتاپاگیر ئامادە دەکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتی نیشتەجێبوون، هیوادارین بەو زووانە دەربچێت، ئێمەش لە لایەن خۆمانەوە بیرمان لە داڕشتنی پرۆژە بڕیارێکی نوێ بۆ ئیدارەدانی زەوی کردووەتەوە کە بە شێوەیەکی هاوچەرخانە مامەڵە لەگەڵ زەویی شارەوانی بکەین و گرفتی نیشتەجێیش لە چوارچێوەی ئەو یاسایە ئاسانکاریی بۆ بکرێت.

(باس)-ئەی بەو خانووانەی تاپۆ نەکراون، پڕۆژەیەک لە پەرلەمان هەیە، بە نیاز نین فشار بخەنە سەر پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی؟
نەورۆز مەولود: زۆر پرۆژە بڕیاری گرنگمان ناردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام تا ئێستا نەهاتوونەتەوە.

(باس)- چارەنووسی ئەو هەموو ڤێلا و مەزرەعەیە چی لێ دێت کە لەلایەن هاووڵاتیانەوە تەلبەند کراون، ئایا ئەوانیش تاپۆکردن دەیانگرێتەوە؟
نەورۆز مەولود: بەپێی پرۆژەیاساکە هەموو جۆرە خانووەکان و تەجاوزەکان، چارەسەریان بۆ دۆزراوەتەوە و بەپێی ئەو یاسایە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت کە تەنها بۆ نیشتەجێبوونە و نابێت زیاتر بێت لە 200م2 کەواتە مەزرەعە ناگرێتەوە، بەڵکوو بەشێوەیەکی دیکە ئەو پرسە چارەسەر دەکرێت.

(باس)- ئەی سەبارەت بە زەویی موساتەحە چیتان لە بەرنامەدایە، دەگوترێ ئێستاش ئەو زەویانە بە شاراوەیی دەدرێت بە خەڵکانێک کە واستەیان هەیە؟
نەورۆز مەولود: ئێستا گرێبەستی موساتەحە بەپێی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی خانووبەرەی دەوڵەت ژمارە 32 لە 1986، لەگەڵ هاووڵاتیان ئەنجام دەدرێت و لەوەتەی من دەستبەکار بووم، هیچ تەجاوزێک لەسەر ئەوە نەکراوە وەکو بزانم کابینەی پێشتریش تەجاوز نەکراوە، بەڵام هەندێک حاڵەت هەبووە کە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەرژەوەندی گشتی بڕیاری دابێت راستەوخۆ گرێبەستێکی موساتەحەتە بداتە هاووڵاتییەک ئەوە لە دەسەڵاـی خۆیاندا بووە و نایاسایی نەبووە.

(باس)- پێشتر رۆڵی باشتان بینی لە پرۆسەی چاکسازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئێستا کە وەزیری شارەوانین و دەسەڵاتێکی بەهێزتان هەیە، تا چەند لەسەر ئەو ئەرکەتان بەردەوام دەبن؟
نەورۆز مەولود: بە نیازین چاکسازییەکی سەرتاسەری لە سیستەم و هەیکەلیەتی وەزارەتدا بکەین، بە شێوەیەک کە ببێتە ئاسانیی بەڕێکردنی کاروباری هاووڵاتیان و بەپیرەوەچوونی پێداویستییەکانیان و جێبەجێکردنی پرۆژە ستراتیژییەکان، جگە لە قەڵاچۆکردنی هەر دیاردەیەکی گەندەڵی ئەگەر لە شارەوانی مابێت.

(باس)- وەزیری پێشتر هەفتەی رۆژێک لە پرسگە دەوامی دەکرد، لەسەر ئەو کارە بەردەوامن؟
نەورۆز مەولود: منیش هەفتەی رۆژێکم بۆ دیداری هاووڵاتیان داناوە، بەڵام لە هەمان کاتدا کۆڵ سەنتەرمان داناوە کە 24 سەعات لە خزمەتی وەرگرتنی داواکاریی هاووڵاتیاندایە، منیش تەلەفۆنەکەم کراوەیە زۆربەی کات مەگەر لە کاتی کۆبوونەوە و دیدارەکاندا نەبێت ئەگەرنا لە هەموو کاتەکان تەنانەت رۆژانی پشووش وەڵامی هاووڵاتیان دەدەمەوە.

(باس)- گلەیی ئەوە دەکرێ کە لە کەرتەکانی شارەوانی کرێکاری بیانی زۆرە لەکاتێکدا خۆمان خەڵکێکی زۆری بێکارمان هەیە، هیچ بەرنامەتان لەو رووەوە هەیە؟
نەورۆز مەولود: بەپێی ئەو گرێبەستانەی کە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانمان کردوون، مەرجێک هەیە پێویستە رێژەیەکی بەرچاو لە کرێکاری خۆماڵی بخەنە کارەوە لای خۆیان، بەڵام کۆمپانیایەکانیش گلەیی ئەوە دەکەن کرێکاری خۆماڵییان دەست ناکەوێت، لێرەدا هەڵەیەک هەیە کۆمپانیاکان دەیانەوێت کۆمپانیای خۆماڵیان بە هەمان نرخی کرێکارێکی بیانی دەست بکەوێت کە ئەمەش ئەستەمە، چونکە وەکو دەزانن ئاستی بژێوی و گوزەرانی کوردستان چەندان ئەوندەی وڵاتێکی وەک نیپال یا بەنگلادیش یا ئەسیوپیا بەرزترە و هیچ کرێکارێکی خۆماڵی ناتوانێت بە 200 -400 دۆلار گوزەرانی مانگانەی بباتە سەر، بۆیە من پێشنیار دەکەم، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵاتی، رێنمایی و چاودێری و فشاری زیاتر بخاتە سەر کۆمپانیاکان بۆ زیاترکردنی رێژەی کرێکاری خۆماڵی لە هەموو کەرتەکاندا.

(باس)- یەکێک لە کێشەکانی خۆڵ و خاشاکی شارەکانی کوردستان نەبوونی ریسایکلین بووە، ئێستا لە دهۆک و سلێمانی هەیە، بۆ هەولێر چیتان کردووە؟
نەورۆز مەولود: بۆ هەولێریش شارەوانی لە وتووێژی چڕدایە بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیەکی تایبەتمەند، بەڵام لەبەرئەوەی بەپێی رێنماییە داراییەکان هەموو گرێبەستێک راگیراوە لەبەر باری دارایی حکوومەتی هەرێم، ئێمەش چاوەڕێی باشتربوونی بارودۆخی دارایی دەکەین.

(باس)- زۆربەی وەزارەتەکان بەهۆی هاتنی ئاوارەوە تووشی گرفت بوون، ئێوەش کێشەتان بۆ دروست بووە؟
نەورۆز مەولود: بێگومان ئەم دیاردەیە گرفتی بۆ هەموو لایەک دروست کردووە، بەڵام وەکو ئەرکێکی نیشتیمانی پێویستە هەموومان خۆمانی بۆ تەرخان بکەین، وەزارەتەکەشمان رۆڵێکی زۆری هەبووە لە دابینکردنی پێداویستییەکانیان، من خۆم سەردانی کەمپی ئاوارەکان لە دهۆکم کرد و زۆر شتمان بۆ دابین کردن، هەروەها سەردانی ئاوارەکانی عینکاوە و شەقڵاوەم کرد و لەوێش زۆر پێداویستیمان بۆ جێبەجێ کردن.

(باس)- خەڵکانێکی زۆر گلەییان لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون هەیە کە لە وادەی خۆیاندا تەواو ناکرێن، دواتریش کۆمپانیا ئامادە نییە قەرەبووی خەڵکەکە بکات کە لە عەقدەکاندا هاتووە، چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەن؟
نەورۆز مەولود: ئەم مەسەلەیە پتر پێوەندیی بە دەستەی وەبەرهێنانەوە هەیە، ئێمە کاتی خۆی لە وەبەرهێنان بەردەوام ئەم فشارەمان هەبووە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا وەبەرهێنەر پێویستە قەرەبووی هاووڵاتی بکاتەوە بەرامبەر هەر دواکەوتنێک و ئەگەریش وەبەرهێنەر ئەوە جێبەجێ نەکات، ئەوا هاووڵاتیان دەتوانن سکاڵا لە دادگاکان تۆمار بکەن و دەستەی وەبەرهێنانیش بەوبەپەڕی توانایانەوە پاڵپشتی لە داواکاریی هاووڵاتیان دەکەن.


باس نیوز


Untitled Document

هه‌ڵبژارده‌ :






به‌دواداچوونى نووسراوه‌كان

ژماره‌ی هاتووی    نووسراو(وه‌زاره‌ت)

ساڵی نووسراو    

كه‌ش و هه‌وا

  
Untitled Document
© 2013 Ministry of Municipalities and Tourism, KRG